دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مارکۆ ڕوبیۆ هۆشداری دەداتە ئێران: بەردەوام بن لە هێرش، نەوتهەڵگرەکانتان لەدەست دەدەن

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد لەبارەی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بۆ ئامانجگرتنی کەشتییە دەریایییەکانی ئەمریکا. ڕوبیۆ جەختیکردەوە، واشنتن لە هەر کاتێکدا تاران هەوڵێکی لەو شێوەیە بدات، وەڵامی دەبێت بە لەناوبردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران.

هۆشدارییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی سەردانێکیدا بۆ کۆلۆمبیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لێدانی کەشتییە دەریایییەکانی ئەمریکا، هەر کاتێکیش ئەو کارە بکات یان هەوڵی بدات، نەوتهەڵگرەکانی لەدەست دەدات".
پەکخستنی هێرشەکەی ئێران و ئۆپۆراسیۆنەکەی سێنتکۆم
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەبارەت بە لەناوبردنی پێنج تانکەری نەوت کە بە گوێرەی وتەی ئەوان سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون. ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ ئەو هەوڵانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە ئامانجی پێکانی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا بە مووشەکی بالیستی درابوون.

سێنتکۆم لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا توانیویەتی لە هێرشەکان خۆی بەدوور بگرێت و بەردەوام بووە لە ئەرکەکانی، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بە تاقمی کەشتییەکە بگات.

ناوی کەشتییە کراوە ئامانجەکان و پاساوی ئەمریکا

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕوونی کردەوە، هێزەکانیان لە ٨ی سێپتەمبەر چوار کەشتیی نەوتهەڵگریان لە کەنداوی عومان بە ناوەکانی (کافیز، شارمینار، هورایزۆن ١ و ریسکو) کردووەتە ئامانج، هەروەها نەوتهەڵگرێکی دیکەش بە ناوی (دەریا) لە نزیک دوورگەی خارک کراوەتە ئامانج.

بە گوێرەی وتەی سێنتکۆم، ئێران ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی بۆ مەبەستی تۆڕێکی نهێنی بە بەهای ملیاران دۆلار بەکارهێناوە. ئەمریکا تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەم تۆڕە بۆ تێچووی دارایی سوپای پاسداران و گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا دابین دەکات.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونی کردەوە، ئێران هیچ ڕێگەیەکی بۆ بەرگریکردن لەو کەشتییانە نییە.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP