هەرێم نیوز
دوکاندارەکانی ناو بازاڕی قەزای دەربەندیخان لەگەڵ قایمقامی قەزاکە کۆبووبوونەوە و داوایان کردووە بە بڕیارێکی فەرمی کاتەکانی کارکردنیان ڕێکبخرێت و شەوان دوکانەکانیان دابخرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی 9ـی 2026، خەلیل نوری،کە کاسبکارێکی بازاڕەکەیە، رایگەیاند،" بەهۆی درێژبوونەوەی کاتەکانی کارکردن تا درەنگانی شەو، کاسبکاران تووشی ماندوبوون بوونەتەوە و ئاستەنگ بۆ ژیانی کۆمەڵایەتییان دروست بووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر بڕیارێکی گشتی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەربچێت، هاووڵاتییانیش لە کاتەکانی شەودا سەردانی بازاڕ ناکەن.
ڕێباز عەبدوڵا،کە کاسبکارێکی دیکەی ناو بازاڕەکەیە،، بڵاوییکردەوە، زیاتر لە 90٪ـی دوکانداران و کاسبکاران پشتگیری لە داخستنی دوکانەکان لە شەواندا دەکەن.
جەختیشی کردەوە، کە ئەم هەنگاوە پێویستی بە بڕیارێکی گشتی هەیە تا هیچ کاسبکارێک تووشی زیان نەبێت.
ئەم هەڵوێستەی کاسبکاران دوای ئەوە هات کە سەرتاشەکانی سلێمانی و دەربەندیخان داوای ڕێکخستنی کاتەکانی کارکردنیان کردبوو.