دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا سزای بەسەر ٢٧ هێڵی ئاسمانیی ئێران و چەندین کۆمپانیای بیانییدا سەپاند

هەرێم نیوز

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئۆپەراسیۆنی دابڕانی ئابووری"، سزای بەسەر ٣٦ کۆمپانیا و کەسایەتیی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاند، کە ٢٧ هێڵی ئاسمانیی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی ژمارە 13902، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێرانی بەهۆی چالاکییان لە کەرتی فڕۆکەوانیی ئابووریی ئێران سزادراون. لە ناو هێڵە ئاسمانییە سزادراوەکاندا ناوەکانی (ئاتا، چابەهار، ئێران ئایرتوور، ئاسمان، کیش، کارون، قشم، سپهران، تابان، زاگرۆس، وارش و فلای پرشیا) دەبینرێن.

هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چەندین کۆمپانیای لە ئیمارات، بەریتانیا، تورکیا، مالیزیا و کازاخستان بەهۆی پەیوەندییان بە هێڵی ئاسمانیی ماهان یان تۆڕەکانی سەر بەو کۆمپانیایەوە خستووەتە لیستی سزاکانەوە.

بەشێک لە سزاکان تایبەتن بە تۆڕێک کە فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 777ـی دروستکراوی ئەمریکای لە ڕێگەی ئیمارات و عومانەوە بۆ ماهان ئێر دابین کردووە، کە تێیدا کۆمپانیای "ئەی سی تی ئاڤیەیشن سەپۆرت"ـی ئیماراتی و "سکای فۆنیکس"ـی تورکی وەک نێوەندگیر دیاری کراون و بەڕێوەبەری کۆمپانیا ئیماراتییەکەش کە بە ڕەچەڵەک میسرییە، سزادراوە. هەروەها چەندین کۆمپانیای گواستنەوە و بریکاری فرۆشتن بە تۆمەتی گواستنەوەی پارچەی درۆن و کەرەستەی پیشەسازی کراونەتە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، وەزارەتی گەنجینە سێ مۆڵەتی پەیوەست بە فڕۆکەوانیی ئێرانی هەڵپەسارد، لەنێویاندا مۆڵەتی گشتیی "G-1"، کە پێشتر ڕێگەی بە ئەنجامدانی هەندێک گەشتی ئاسمانی و بەکارهێنانی فڕۆکەی ئەمریکی دەدا لە ڕێڕەوەکانی ئێراندا.

لە بارەی ئەم هەنگاوە نوێیانەوە، سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی دا کە هەر کۆمپانیا و کەسێک هاوکاریی هێڵە ئاسمانییە سزادراوەکانی ئێران بکات، مەترسیی پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیستەمی دارایی جیهانیدا دەبێت.

تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانیش (FinCEN) داوای لە دامەزراوە داراییەکان کردووە زۆر وریا بن لە دیاریکردن و ڕاپۆرتکردنی هەر چالاکییەکی گوماناوی کە پەیوەندیی بە دابینکردنی پارچەی فڕۆکەوە هەبێت بۆ ئێران. ئەم هەنگاوانەش لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی سزاکانی ئەمریکایە کە ئامانج لێی بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی کۆماری ئیسلامییە لە کەرتەکانی نەوت و فڕۆکەوانیدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP