هەرێم نیوز
پێش هاتنی وەرزی سەرما، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپیی ماڵان لە شاری سلێمانی ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لە هەندێک شوێندا ٢٧٠ هەزار دیناری تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی 9ـی 2026، چەند نەوت فرۆشێک بۆ میدیاکان قسەیان کردبوو، نرخی نەوت لە دوێنێوە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی شوێنەکان بەرمیلێک بە ٢٧٥ هەزار دینار یان زیاتر دەفرۆشرێت.
ئاماژەی بەوەش کراوە، نەوتفرۆشان سووتەمەنییەکە دەگەیەننە بەردەم ماڵان و بەو نرخە دابەشی دەکەن، بەڵام بەهۆی بەرزیی نرخەکەیەوە، ئاستی داواکاری و بازاڕیان ڕووی لە کەمی کردووە.
هاوكات ڕاگەیەندراوە، کە مانگی ڕابردوو نرخی بەرمیلێک نەوت لە سلێمانی ٢٤٠ هەزار دینار بووە، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما نرخەکەی زیاتریش بەرز بێتەوە.