هەرێم نیوز
وەزارەتی وزەی سعودیە ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دامەزراوە و بنکەکانی وزە لە باشووری وڵات کراونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنیی حوسییەکان و بەهۆیەوە بەشێک لە کارە بەگەڕخستنەکان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگێران.
هێرشەکە و زیانە سەرەتایییەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی وزەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان کردووە بە مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکان و گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان. ڕوونیشیکردەوە کە هێرشەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ژمارەیەک شوێن، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە کارە بەگەڕخستنەکان بە شێوەیەکی کاتی بوەستن، لە کاتێکدا تیمە مەیدانییە تایبەتمەندەکان دەستیان بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان، پاراستنی شوێنەکان و هەڵسەنگاندنی زیانەکان کردووە.
پێشتریش لیوا تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن ڕایگەیاندبوو کە لە هێرشی حوسییەکاندا بۆ سەر چەند شارێکی باشووری سعودیە، ٧٣ کەس بریندار بوون.
تۆمەتەکانی حوسییەکان بەرامبەر ڕیاز
لە بەرامبەردا، ئەنجومەنی باڵای سیاسیی حوسییەکان، سعودیەی تۆمەتبار کرد بە کردنە ئامانجی ناوەندی چاکسازی لە شارۆچکەی ئهلحەزم لە پارێزگای جەوف و ڕایگەیاند، ڕیاز تەواوی بەرپرسیاریی تاوانەکە و لێکەوتەکانی دەگرێتە ئەستۆ و ڕووداوەکە بەبێ تۆڵەسەندنەوە تێناپەڕێت.
شکستی پلانی ئێران و حوسییەکان لە گەرووی بابولمەندەب
چاودێرانی دۆخی یەمەن، هۆکاری هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئەمڕۆی حوسییەکان (کە بە یەکێک لە توندترین هێرشەکان دەژمێردرێت) بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە دەگەڕێننەوە کە لە نەخشەی مەیدانیی یەمەندا ڕوویداوە.
سەرەتای پێشهاتەکان دوای ئەوە دەستیپێکرد کە ماوەیەک پێش ئێستا، هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی بابولمەندەب. دوای چەند ڕۆژێک لەو هێرشە، موحسین ڕەزایی، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، تاران بەم نێزیکانە ناوچەیەکی قەدەغەکراو لە دەرەوەی گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت.
تاران وایدانابوو کە حوسییەکان بەم زووانە گەرووی بابولمەندەب دەگرن و بە تەواوی دایدەخەن، تاوەکو وەک فشارێک بەرامبەر ئەمریکا بەکاریبهێنن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ توندەی لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی ڕابردووەوە لەلایەن سێنتکۆم (مەشق و فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا) خرایە سەر بەندەر و جووڵە کەشتیوانییەکانی ئێران؛ بەڵام پلانەکە سەرکەوتوو نەبوو.
پێشڕەویی هێزەکانی حکوومەت و نادیاریی ئایندەی جەنگەکە
هێزە حکوومییە دانپێدانراوەکانی یەمەن کە لەلایەن سعودییەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە خێرایی ڕیزەکانی خۆیان ڕێکخستەوە و توانینیان بەرپەرچی هێرشی حوسییەکان بدەنەوە. ئەوان نەک هەر هەوڵی حوسییەکانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو بابولمەندەب پووچەڵ کردەوە، بەڵکو هێرشی پێچەوانەشیان دەستپێکرد و ناوچەیەکی فراوانیان لە دەستی حوسییەکان دەرهێناوە و بەردەوامن لە پێشڕەوی، بە جۆرێک باسی بەردەوامیی هێرشەکان دەکەن تا کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری سەنعای پایتەخت.
لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی مەیدانییەوە جەنگەکە لە بەرژەوەندیی حوسییەکاندا نییە، بەڵام تا ئێستا خاوەنی هێزێکی مووشەکی و درۆنین کە چەکێکی ستراتیجییە لە دەستیاندا. پێدەچێت هێرشەکانی ئەمڕۆشیان وەک فشارێک بۆ سەر سعودیە بەکاربهێنن تا هێزەکانی هاوپەیمانی لە یەمەن ناچار بکەن هێرشەکانیان ڕابگرن، بەڵام هێشتا دیار نییە لەم هەنگاوەیاندا سەرکەوتوو دەبن یاخوود نا.