هەرێم نیوز
شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی یەکجار مەترسیدارەوە؛ واشنتۆن هێرشی کردووەتە سەر پێنج شاری کەناراوی ئێران و لە بەرامبەردا تاران ناوەندی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکای لە بەحرەین بۆردومان کردووە، هاوکات هاتوچۆ لە گەرووی هورمز پەکخراوە.
بۆردومانکردنی پێنج شاری کەناراوی ئێران بە چەکی ورد
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، نوێترین و توندترین شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر قووڵایی کەناراوە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان بە تەقەمەنیی یەکجار ورد کردووەتە ئامانج. هێرشەکان بە دیاریکراوی پێگە سەربازییەکانی شار و ناوچە گرنگەکانی وەک: بوشەهر، جاسک، کۆنارک، ئەبو موسا و بەندەر عەباسی گرتووەتەوە. پنتاگۆن ڕوونی کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانە، سەپاندنی گەمارۆیەکی سەربازیی تەواوەتییە بەسەر تەواوی بەندەرە دەریاییەکانی ئێراندا بۆ ڕێگریکردن لە چەکدارکردنی هێزەکانی تاران.
تۆڵەی سوپای پاسداران؛ لێدانی کەشتیگەلی پێنجەم
دەستبەجێ دوای بەیاننامەکەی واشنتۆن، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکی تونددا وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند، لە قۆناغێکی نوێی هێرشە بەپەلەکانیدا، بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، ناوەندی فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکای لە ناو خاکی بەحرەین کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران جەختیشی کردووەتەوە کە هاوکات چەندین دامەزراوەی سەربازیی تر و پێگەیەکی هێزەکانی ئەمریکایان لە بنکەیەکی ئاسمانیی ناو خاکی ئوردن بە قورسی بۆردومان کردووە.
ڕاوەستانی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز
لەسەر ئاستی ئابووری و دەریاوانیی جیهانی، پەرەسەندنی ئەم شەڕە ڕاستەوخۆیە لێکەوتەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمریکی بە پشتبەستن بە سیستەمەکانی بەدواداچوونی مانگە دەستکردەکان بۆ جووڵەی کەشتییەکان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی ستراتیژیی هورمز بە شێوەیەکی نیمچە تەواوەتی پەکخراوە و ڕاوەستاوە، ئەمەش بەهۆی مەترسیی گەورەی پێکدادانە چەکدارییەکان و هێرشە موشەکییە بەردەوامەکانی هەردوولایە لەو ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەدا.