هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی وەڵامی بێژەرێکی کەناڵی (٨) دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە داتا و زانیاریی ناڕاست لەسەر پرسی دابەشکردنی مووچە بە ناوی وەزارەتەکەیانەوە بڵاوکراوەتەوە.
ڕەتکردنەوەی ئامارەکانی کەناڵ (٨)
ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لەمیانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی تەممووز لە کەناڵ(٨)، بژار دەباغ بێژەری کەناڵەکە، هەندێک داتا و زانیاریی ناڕاستی بە ناوی وەزارەتی داراییەوە بڵاوکردووەتەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی وەڵامێکی کورتی بدەینەوە".
وەزارەتی دارایی ئاڕاستەی قسەکانی بەرەو بێژەرەکە کردووە و دەڵێت: "وا باشترە کاک بژار تۆزێک لەسەرخۆ بێت و هەندێک کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ چاوخشاندن بە پەرتووکی فەرمیی کار و چالاکییەکانی وەزارەتمان، ئەوسا ڕاستییەکان و داتاکان بۆ رای گشتی بخاتەڕوو".
ئاماری فەرمیی مانگەکانی مووچە و پەیامێک بۆ حیزبی بێژەرەکە
لە ڕوونکردنەوەکەدا وەزارەتی دارایی ئاماری ڕاستەقینەی خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە، لە پەرتووکی کار، چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥، داتای حەوت ساڵ بە ڕوونی بڵاوکراوەتەوە و بەوردی ئاماژە بەوە دراوە کە لەم کابینەیەدا لە کۆی ٨٤ مانگ، ٧٤ مووچە بە تەواوەتی دابەشکراوە.
وەزارەتەکە دەشڵێت: "زۆر هەوڵماندا نەمانزانی ئەو داتایانەی باسی دەکەی لە کوێ دەستت کەوتووە و لە چ جوعبەیەک دەرت هێناوە؟! لەوەدا ئازادی باسی مووچەی چەند ساڵ و مانگ و کابینەیەک بکەی، بەڵام تکایە بەناوی ئێمەوە تۆماری مەکە".
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتوە: "تەنها بۆ وەبیرهێنانەوە، حیزبەکەی جەنابتان لە حکومەتدا بەشدارە و هەر هیچ نەبێت بەرپرسە لە ٤٣٪ی خاکی هەرێمی کوردستان کە ناسراوە بە زۆنی ......".