دواین هەواڵ

عێراق‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

لێکنزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا بەندەرەکانی عێراق ئاوەدان دەکاتەوە

هەرێم نیوز

 

بەهۆی لێکنزیکبوونەوەی سیاسیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەندەرە دەریاییەکانی عێراق دووبارە ئاوەدان بوونەتەوە و هاموشۆی کەشتییە بازرگانییەکان تێیاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیپێکردووەتەوە، بە شێوەیەک تەنها لە ماوەی یەک مانگدا ٨٠ کەشتی چوونەتە ناو بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسڕە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە کۆپییەکی دەست بەشی عەرەبیی تۆڕی میدیایی "964" کەوتووە، ئەندازیار محەمەد تاهر، بەڕێوەبەری بەندەری ئوم قەسر بە وەکالەت ڕایگەیاندووە: "دوای هێوربوونەوەی ڕەوشەکە، کەشتییە هەمەجۆرە بازرگانییەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەستیان بە چوونە ناو بەندەرەکە کردووەتەوە؛ لە کاتێکدا مانگی پێشووتر تەنها 66 کەشتی وەرگیرابوون، لەم مانگەدا ئامارەکە بۆ 80 کەشتی بەرز بووەتەوە."

بەڕێوەبەری بەندەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێڵی گواستنەوەی ڕاستەوخۆی کەشتییەکان لە کۆماری میللیی چینەوە بۆ بەندەری ئوم قەسر چالاک بووەتەوە و لە ئێستادا کەشتییەکی گەورەی بارهەڵگر گەیشتووە، پێشبینیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا سێ کەشتیی دیکەی بازرگانی لە چینەوە ڕاستەوخۆ بگەنە بەسڕە.

محەمەد تاهر لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا تیشکی خستە سەر نەخشەی گەشتە دەریاییەکان و ڕایگەیاند، لە ئێستادا کەشتییەکان لە شوێن و وڵاتە جیاوازەکانەوە بەرەو بەندەری ئوم قەسر بەڕێ دەکەون، لەوانەش بەندەری جەبەل عەلی لە دەوڵەتی ئیمارات، بەندەرەکانی دەوڵەتی قەتەر و شانشینی سعۆدیە لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبییەوە، جگە لە هێڵە نێودەوڵەتییە ڕاستەوخۆکان کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق بە شێوەیەکی بێوێنە بەرز دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP