هەرێم نیوز
تیمی پارێزەرانی دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، وەڵامی بڕیارەکەی وەزیری خوێندنی باڵایان دایەوە و رایانگەیاند، کە بڕیاری "عەزلکردن"ی ناوبراو نایاساییە و تانەی لێ دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی تەمموزی 2026، لە روونکردنەوەیەکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، پارێزەرانی دکتۆر عەبدوللەتیف ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو لیژنە لێکۆڵینەوەیەی لەسەر ئەم کەیسە پێکهێنراوە "پێشێلکاری یاسایی زۆری کردووە"، بۆیە ئەوان تانە لە بڕیارەکەی وەزیری خوێندنی باڵا دەدەن و بە هیچ شێوەیەک دان بەو تۆمەتانەدا نانێن کە ئاراستەیان کراوە.
پارێزەرانی ناوبراو جەختیان کردەوە، کە بریکارەکەیان دەستبەرداری مافی یاسایی خۆی نابێت و دۆسیەکە دەبەنە بەردەم دادگا تاوەکو بە شێوەیەکی بابەتییانە یەکلایی بکرێتەوە. داواشیان لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە، دوور لە بڕیاری پێشوەختە و بە وردی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پاڵپشت بە راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی، بڕیاری "عەزل"ی بۆ دکتۆر عەبدوللەتیف دەرکرد، کە بەپێی یاسای کارگێڕی، بە واتای دوورخستنەوەی یەکجاری و هەمیشەیی دێت لە هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت و زانکۆکان.