هەرێم نیوز
لە چوارچێوەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت و خستنەڕووی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشی دووەمی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی خۆی بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە داتا و وردەکاریی داهاتە گشتییەکان لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاکان.
زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینار داهاتی باج و خانووبەرەی میری
ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی کە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە بڵاوکراونەتەوە، کۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، بڕی ٥ ترلیۆن و ٤١٥ ملیار و ٣٠ ملیۆن دیناری عێراقی بووە. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرترین ڕێژەی داهاتی باج لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە، بەوپێیەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە و زۆرترین ژمارەی کۆمپانیا گەورەکان و قەبارەی جوڵەی بازرگانیی تێدایە، هاوکات باجی هاوردە و هەناردەش لە خاڵە سنوورییەکان و دەروازەکانەوە کۆکراوەتەوە.
وەزارەتی دارایی ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم داهاتە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی زنجیرەیەک چاکسازیی کارگێڕی، دارایی، یاسایی و تەکنیکی بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، دەسەڵاتی دادوەری، داواکاری گشتی و کەرتەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان بەدەستهاتووە، دوای ئەوەی لە بەشی یەکەمی پەرتووکەکەدا وردەکاریی بودجەی عێراق، پشکی هەرێم و میلاکی مووچەخۆران خرابووە ڕوو.
شەش هەنگاوی ستراتیژی بۆ ڕێکخستنەوەی باج و ڕێگری لە خۆدزینەوە
بەمەبەستی کۆکردنەوەی داهات، نەهێشتنی خۆدزینەوە لە باج، هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەکان و پێداچوونەوە بۆ قەرزدارانی باج و خانووبەرەی میری، وەزارەتی دارایی شەش هەنگاوی سەرەکیی گرتووەتەبەر کە بریتین لە:
١- بەدیجیتاڵکردن و بەسیستەمکردنی تەواوی پرۆسەی کاروباری باج و خانووبەرەی میری بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
٢- ڕێکخستنەوەی باج لە خاڵە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکاری توند بۆ وەرگرتنی باجی هاوردە و هەناردە.
٣- ڕێکخستن و پۆلێنکردنی فەرمیی ژمارەی کۆمپانیاکانی گەورە باجدەران لە سەرجەم پارێزگاکاندا.
٤- پێداچوونەوەی ورد و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشووی لێخۆشبوون لە باجی زەویی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
٥- سەرژمێریکردن و کەمکردنەوەی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری، لەگەڵ بەکرێدان و فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەت لە چوارچێوەی یاسادا.
٦- هەموارکردنەوەی پەیڕەوی تیانووسی گرتنی بازرگانی بۆ مەبەستەکانی باجی دەرامەت، هاوکات لەگەڵ دانانی پەیڕەوی ئەنجومەنی پیشەی وردبینی و ژمێریاری.