هەرێم نیوز
سەرچاوە میدیاییەکانی ئێران پەردەیان لەسەر پێکدادانێکی سەربازیی قورس و کتوپڕ لادا، کە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گروپێکی چەکداریی بەرهەڵستکار لە ناوچەیەکی ستراتیژیی نێوان پیرانشار و مەهاباد ڕوویداوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە دوێنێ یەکشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، پێكدادانێكی چڕ لە سەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو شاری پیرانشار و مەهاباد، بە تایبەتی لە نزیک گوندی "گاگش" قەوماوە. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناوچەکە، شەڕەکە لە نزیک کانە بەردێکی کۆن ڕوویداوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوامیی هەبووە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار لە نێوان هەردوولادا کەوتووەتەوە.
ئێران پەژاک تۆمەتبار دەکات و بێدەنگی دەشکێنێت
ئەگەرچی سەرچاوە فەرمییەکانی هەواڵ لە ئێران باس لەوە دەکەن کە پێکدادانەکە لەگەڵ گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بووە، بەڵام یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کە باڵی سەربازیی ئەو حیزبەیە، لە ڕاگەیەنراوێکدا بە فەرمی ڕایگەیاندووە: "تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لە بارەی ئەو پێکدادانەوە لە بەردەستدا نییە، و هەرکاتێک وردەکاریی زیادەمان بەدەستگەیشت، ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە."
ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، پێکدادانێکی هاوشێوە لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئێران و گەریلاکانی ئەو حیزبە لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک شاری بانە ڕوویدابوو، ئەمەش نیشانەی دەستپێکردنەوەی خولێکی نوێی گرژییە سەربازییەکانە لە ناوچەکەدا.