دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران: ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتنی سویسرایان پێشێل کرد؛ بۆردومانەکەی کەنداو مافی سروشتیی خۆمان بووە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ شەوی سوپای ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی دەکات و ڕادەگەیەنێت، کە واشنتن و تەلئەڤیڤ بە تەواوی لێکتێگەیشتنە ئەمنییەکانی نێوانیانیان لە سویسرا پێشێل کردووە.

پێشێلکردنی بڕگەی یەکەمی یاداشتنامەی سویسرا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، کە هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەی، بە ڕوونی پێشێلکردنی بڕگەی یەکەمی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەیە کە لەم دواییانەدا لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.

هاوکاوت، تاران پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی تەلئەڤیڤیش کرد و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر خاکی لوبنان بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن ئەنجام داوە، ئەمەش بەپێی گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێشێلکارییەکی تری ئاشکرای بڕگەی یەکەمی یاداشتنامە سێقۆڵییەکە پێکدەهێنێت.

بەرگری لە خۆکردن و وەڵامدانەوەی بنکەکانی ئەمریکا
ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هۆشداریی توندی دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و واشنتن، و جەختی کردەوە کە ئەو هێرشە موشەکی و دەریاییانەی هێزەکانی ئەوان لە دژی بنکە و پێگەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو ئەنجامیان داوە، کارێکی ڕەوا بووە. ئێران دەڵێت: "ئەم وەڵامدانەوە سەربازییە تەنیا لەسەر بنەمای مافی سروشتی و یاسایی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە بۆ بەرگریکردن لە خاک و سەروەریی خۆی لە بەرامبەر دەستدرێژیی دەرەکی."

پاشخانی گرژییەکان و دانوستانەکانی ٦٠ ڕۆژی
ئەم تەقینەوە سەربازییە کتوپڕە لە کاتێکدایە، کە لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ (تەنیا چوار ڕۆژ لەمەوبەر)، هەریەکە لە پاکستان و قەتەر وەک وڵاتانی نێوەندگیر، کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی دانوستانە چڕەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێرانیان لە وڵاتی سویسرا ڕاگەیاندبوو. ئەو دانوستانانە دوای ئەوە دەستیان پێکردبوو کە تاران جارێکی تر گەرووی هورموزی داخستەوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران کردبوو.

لە پەیامە هاوبەشەکەی قەتەر و پاکستاندا ئاماژە بەوە کرابوو، کە ئەمریکا و ئێران لە سویسرا لەسەر نەخشەڕێگایەکی کاتی ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و گشتگیر، بەڵام هێرشە درۆنی و ئاسمانییەکانی چەند کاتژمێری ڕابردوو تەواوی ئەو پڕۆسە دیپلۆماسییەی خستووەتە بەردەم مەترسیی هەرەسهێنان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP