هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییامەیەکی فەرمیدا بۆ هاوڵاتیان ڕایگەیاند، کە بڕیارە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی وێستگەی غازیی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی بۆ ماوەی شەش کاتژمێر بکوژێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی بەستنەوەی بۆریی نوێی غازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەکەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی کارەبا، بڕیارە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ڕێککەوتی 26ـی 6ـی 2026، لە کاتژمێر ٢:٠٠ـی نیوەشەوەوە و بۆ ماوەی شەش کاتژمێری بەردەوام (تا کاتژمێر ٨:٠٠ـی بەیانی)، وێستگەی غازیی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی لە کار بکەوێت و پڕۆسەی کوژانەوەی تێدا ئەنجام بدرێت.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هۆکاری ئەم کوژانەوە کاتییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی کارە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی بەستنی بۆرییەکی نوێی غازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانییەوە، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و لە داهاتوودا دەبێتە هۆی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا.
هاوكات هۆشداری دراوە کە لە ماوەی کارکردن لەم چەند کاتژمێرەدا، بەهۆی دابەزینی ئاستی غازی دابینکراو، پێشبینی دەکرێت لەو ماوە دیاریکراوەدا بەشێک لە هاوڵاتیان لە ناوچە جیاجیاکان دووچاری پچڕانی کاتیی تەزووی کارەبای نیشتمانی ببنەوە.