هەرێم نیوز
فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، کە لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە و بە بەکارهێنانی سێ درۆنی خۆکوژ هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان لە ناوچەی بانە، و هۆشداریش دەدات کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشی لەو شێوەیەدا وەڵامی توندیان دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتەکانی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆدا، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ (درۆن)، هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەی گوندی "شیوێ" کە دەکەوێتە نزیک شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزەکانی ئەوان لەو هێرشە ئاسمانییانەدا پارێزراو بوون و هیچ زیانێکی گیانی یان زیانێکی دیکەی سەربازییان بەرنەکەوتووە، بەڵام بەهۆی تهقینهوهی درۆنەکانەوە، باخ، ڕەز و کێڵگەی کشتوکاڵیی هاوڵاتیانی سڤیلی ناوچەکە زیانیان پێگەیشتووە.
فەرماندەیی یەرەکە لە بەشێکی توندی بەیاننامەکەیدا هۆشداریی داوەتە لایەنی هێرشبەر و ڕایگەیاندووە: "هێرشبەران ئاگادار دەکەینەوە کە هەر جۆرە هێرشکردنێک بۆ سەر خاک و وڵاتەکەمان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە، و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر جووڵەیەکی لەم شێوەیەدا، بەدڵنیاییەوە هێزەکانمان وڵامی پێویست و گونجاو دەدەنەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، باڵی سەربازیی پژاک جەختی لەسەر ئەرکی هێزەکانیان کردووەتەوە و نووسیویەتی: "دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی گیان، ماڵ و موڵکی گەلەکەمان ئەرکی سەرەکیی سەر شانی ئێمەیە، و پێویستە هەموو لایەک دڵنیا بن کە لەم پێناوەدا ئەرکی خۆمان بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکەین."