هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی هاتنەوەی یادی عاشووراوە، جەختی لە گرنگیی پابەندبوون بە بەهاکانی دادوەری و لێبووردەیی کردەوە و ڕایگەیاند، کە پێویستە زمانی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ناکۆکییەکان سەر بخرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X)، پەیامێکی بە بۆنەی یادی عاشووراوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "یادی عاشوورا هاتەوە بۆ ئەوەی لە دەروونماندا واتاکانی دانبەخۆداگرتن، ئیمان و فیداکاری نوێ بکاتەوە؛ ئەو بنەمایانەی کە ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێ بێت) لە کەربەلا بەرجەستەی کردن، بە ڕاوەستان بە ڕووی ستەم و بەرز ڕاگرتنی وشەی حەق و بنەما باڵاکان."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر پێویستیی قۆناغەکە و ڕایگەیاند: "لەم یادەدا، جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە بەهاکانی دادوەری و لێبووردەیی دەکەینەوە، هەروەها کارکردن بۆ یەکخستنی ڕیزەکان و سەرخستنی زمانی دیالۆگ لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا، بە شێوەیەک کە پارێزگاری لە پێکهاتەی نیشتمانەکەمان بکات، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بەهێز بکات، و خواستەکانی گەلەکەمان بۆ ژیانێکی شایستە و داهاتوویەکی باشتر بەدی بهێنێت."
جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەرانسەری عێراق و جیهانی ئیسلامیدا، یادی عاشوورا کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن (سێیەم ئیمامی شیعەکان) و خێزان و یارویاوەرانی لە ڕووداوی مێژوویی کەربەلادا، بەڕێوەچوو.