هەرێم نیوز
دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد، ڕێبەری سەلەفییەکانی کوردستان لە پەیامێکی فەرمیدا، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دوورخستنەوەی دەکەن لە کاری بانگەوازی، و ڕایگەیاند کە ئەم بابەتانە تەنها بازرگانیکردنە بە ترێندەکانی سۆشیال میدیاوە.
لە پەیامێکی فەرمیدا کە دوێنێ چوارشەممە، 24ـی 6ـی 2026 بڵاوکراوەتەوە، دکتۆر عەبدولەتیف ئەحمەد ژمارەیەک خاڵی گرنگی سەبارەت بەو دەنگۆیانەی ئەمدواییانە ڕوون کردووەتەوە.
دکتۆر عەبدولەتیف ڕایگەیاندووە، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی دوورخستنەوەی بڵاودەکرێنەوە سەرلەبەری درۆن و هیچ بنەمایەکیان نییە، بەڵکو تەنها بازرگانیکردنە بە ترێندەکانەوە بە مەبەستی زیادکردنی ئەکتیڤی پەیجەکان.
ناوبراو سوپاسی تەواوی ئەو موسڵمانانەی کردووە کە لەم ماوەیەدا خۆڕاگر بوون و نەکەوتوونەتە داوی فیتنەگێڕانەوە، بە تایبەتیش دەستخۆشی لەوانە کردووە کە دوعای خێر و قسەی خێریان بۆ کردووە، هاوكات دڵنیایی داوەتە لایەنگرانی کە بە پشتیوانیی خوای گەورە لەسەر ڕێڕەوی بانگەوازی خۆیان بەردەوام دەبن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، کە پێگەی ئەو لەلای خوایە نەک لەلای ناحەزانی، و یەقینی تەواوی هەیە کە خوای گەورە حەقیان لەو کەسانە دەسێنێتەوە کە دژایەتی دەکەن.