هەرێم نیوز
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمان بناغە و دەستپێکی دەرچوونە لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی، جەختیشی کردەوە کە سەرجەم لایەنەکان لەبەردەم بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانیدان بەرامبەر بە متمانەی دەنگدەران.
دوێنێ چوارشەممە، 24ـی 6ـی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێگەی فەرمیی خۆی ئاشکرای کردووە، لە میانی پێشوازی و دیدارێکیاندا لەگەڵ (لیو جون)، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللی چین و جێگرەکەی، جەختیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی حیزبەکەیان کردووەتەوە کە مەرجی سەرەکی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسیی ئێستا، کاراکردنەوەی دامەزراوەی تەشریعی و پەرلەمانە، وەک بەرئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠ـی ١٠ـی ٢٠٢٤ کە لەئەستۆی سەرجەم هێزە بەشداربووەکاندایە.
هەورامی ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە ڕایگەیاند، هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسسازە، و پارتی خوازیارە سەرجەم لایەنەکان هاوکار بن تاوەکو ڕێڕەوی گفتوگۆ و دانوستانەکان ببرێنە ناو دامەزراوەی شەرعیی پەرلەمانەوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕوونی کردووەتەوە: "پارتی وەک هێزی براوەی یەکەم لە دوایین هەڵبژاردندا بە جیاوازیی ٤٠٠ هەزار دەنگ پێش هەردوو هێزی دووەم و سێیەمی کوردستانە، و مافی دیموکراسیی خۆیەتی ئەم ئەنجامانە وەک بنەمایەک لە دانوستانەکانیدا بەکاربهێنێت، بەڵام لەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە دوای نزیکەی شەش مانگ گفتوگۆ لە ئایاری ٢٠٢٥ لەگەڵ یەکێتی ئیمزا کرا، بنەمای شەراکەت و سازان کراوەتە بناغەی سەرەکیی کارەکان."