هەرێم نیوز
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنەوەی فەرمیی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییەوە لە کێڵگە جیاوازەکانی هەرێم ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لە کێڵگەکان بەهۆی زیانی هێرشەکانی ڕابردووەوە پێویستییان بە کات بووە بۆ نۆژەنکردنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی 6ـی 2026، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمیی خۆی، خشتە و وردەکاریی دەستپێکردنەوەی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکانی بەم شێوەیە ئاشکرا کرد:
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن (HKN): بە بڕی ٧٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە، هەروەها بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو لە کێڵگەی ئەترووش بە تەواویش دەست بە پڕۆسەی بەرهەمهێنان بکاتەوە.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن: ئەمڕۆ لە قەزای شێخان بە فەرمی دەستی بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNO): بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو لە هەردوو کێڵگەی ستراتیژیی تاوکێ و فیشخابوور دەست بە بەرهەمهێنان بکاتەوە.
کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ: بەپێی خشتەی دیاریکراو، لە ڕێککەوتی ٨ـی تەممووزی داهاتوو (مانگی ٧) پڕۆسەی کارکردن و بەرهەمهێنانی دەستپێدەکاتەوە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی کارەکانی بەشێک لەم کۆمپانیایانە کەمێک پێش ئێستا ڕوونی کردەوە، لە هێرشە تێکدەرانەکانی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، زیانێکی زۆری ماددی بە ژێرخانی ئەو سێکتەرە کەوتبوو؛ لەبەر ئەوە بەشێک لە کۆمپانیاکان کارکردنیان پێویستی بە کات هەبووە بە مەبەستی ئەنجامدان و تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان و نۆژەنکردنەوەی تەواوەتیی ئەو شوێنانەی کە زیانیان بەرکەوتبوو.