دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پزشکیان و زرداری جەخت لە فراوانکردنی هاریکارییەکان و بەهێزکردنی ئاشتیی ناوچەیی دەکەنەوە

هەرێم نیوز

مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە ئیسلام ئاباد لەگەڵ ئاسف عەلی زرداری، سەرۆککۆماری پاکستان کۆبووەوە و هەردوولا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی 6ـی 2026، پزشکیان لەو دیدارەدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندیی ئێران و پاکستان لە ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی تارانە و سوپاسی پشتیوانییەکانی پاکستانیشی کرد لە کاتە هەستیارەکاندا، هەروەها ئامادەییی وڵاتەکەشی بۆ فراوانکردنی هاریکارییە ئابووری و ئەمنییەکان دەربڕی.

لە بەرامبەردا، سەرۆککۆماری پاکستان بەخێرهاتنی پزشکیانی کرد و ئەو سەردانەی بە نیشانەی پەیوەندییە قووڵ و برایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناوبرد. 

زرداری جەختی لەوە کردەوە کە پاکستان پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەییی خاکی ئێران دەکات و هیوای خواست ئەو دانوستانانەی ئێستا بەڕێوەدەچن، ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ناوچەکە بەدی بهێنن.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، زرداری جارێکی دیکە سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوایی عەلی خامنەیی دەربڕی و بەڵێنی دا کە پاکستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیدا دەکات، هەروەها داوای لە پزشکیان کرد سڵاوی تایبەتی ئەو بە عەلی خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران بگەیەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP