دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی سویسرا لەنێوان ئەمەریکا، ئێران، پاکستان و قەتەر هەڵپەسێردرا

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی 6ـی 2026، لە هاوینەهەواری بێرگنستۆک لە سویسرا، کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵیی نێوان شاندەکانی ئێران، ئەمەریکا، قەتەر و پاکستان دەستی پێ کرد، بەڵام دوای 80 خولەک لە گفتوگۆکردن، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی راوێژی ناوخۆیی شاندەکان بە کاتی هەڵپەسێردرا.

کۆبوونەوەکە کە بە "کۆبوونەوەی دەریاچەی لوسێرن" ناسراوە، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەچوو. بەپێی زانیارییەکان، لەم گەڕەی دانوستانانەدا هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئەنجام نەدراوە و سەرنجی شاندەکان تەنها لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 13ـی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران بووە.

شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەمەد باقر قالیباف و شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، بەشدارن. هەروەها نێوەندگیرەکان لەلایەن شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، سەرۆکایەتی دەکرێن.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، شەهباز شەریف بە "ڕۆژێکی مێژوویی" ناوی برد کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

لە بەرامبەردا، جەی دی ڤانس ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە شاندی دانوستانکار کردووە لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلی ئێراندا بکەنەوە. چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی ڕاوێژە ناوخۆییەکان، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان لەسەر جێبەجێکردنی ماددەکان دەست پێ بکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP