دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ بۆ ئێران: گەرووی هورمز دابخەن، دانوستانکارەکانتان ناتوانن بگەڕێنەوە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" دوای کۆبوونەوەی تیمی دانوستانکاری ئەمەریکا و ئێران لە سویسرا، هۆشدارییەکی توندی بە تاران دا و ڕایگەیاند، هەر هەوڵێکی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز دەرەنجامی قورسی دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی 6ـی 2026، ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر ئێرانییەکان گەرووی هورمز دابخەن، دانوستانکارەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەمەریکا دەتوانێت وەک پارێزەری گەرووی هورمز دەستبەکار ببێت و 20%ـی بەهای نەوتی تێپەڕبوو وەربگرێت، هەروەها ئەگەر ناچار بن، ڕەنگە گەرووەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن.

 ترەمپ جەختی کردەوە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئەمەریکا باج بەسەر هەر تێپەڕینێکدا لە گەرووی هورمز دەسەپێنێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەی کردووە و هۆشداریداوە لە هەر هەنگاوێک بۆ داخستنی گەرووەکە، بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا حەماس لە غەززە کێشەیەکی ئەوتۆ دروست ناکات و دەبێت سەرنجەکان لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بێت. 

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە دانوستانە ڕاستەوخۆکان لە سویسرا بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و جێبەجێکردنی یاداشتنامەی نێوان هەردوولا بەڕێوەدەچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP