دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

دانوستانەکانی سویسرا؛ واشنتن داوای پشکنینی ئەو بنکە ئەتۆمییانەی ئێران دەکات کە بۆردومان کرابوون و تاران پارە بلۆککراوەکانی دەوێت

هەرێم نیوز

له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می دانوستانه‌ ڕاستەوخۆ و هه‌ستیاره‌كانی نێوان واشنتن و تاران كه‌ لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە چڕی هەوڵدەدات ڕەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستبهێنێت بۆ ڕێگەدان بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی تاوەکو سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەنەوە کە لە جەنگی دواییدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کرابوون.

ئاکیۆس: ئەمریکا مەرجی بانگهێشتنامەی فەرمی دادەنێت
ماڵپەڕی "ئاکیۆس"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و باڵاوە بڵاویکردەوە، واشنتن دەیەوێت ئەم گەڕەی گفتوگۆ چڕەکان بە دەرکردنی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن ئێرانەوە بۆ پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆتایی بێت، ئەمەش وەک نیشانەیەکی ڕوون بۆ جددییەتی تاران لە پرۆسەی نوێی دانوستانەکاندا. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە دواین سەردانی فەرمیی پشکنەرانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو بنکە ئەتۆمییانە لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ و ڕێک پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە بووە.

سەرکردایەتیکردنی ڤانس و قالیباف و پرسی پارە بلۆککراوەکان
لەم دانوستانە مێژووییانەدا، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرکردایەتیی شاندی واشنتن دەکات، و لە بەرامبەردا شاندێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان (شاندی دانوستانکار) و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشدارن. بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە کە لە بەرامبەر ڕێگەدان بە پشکنینی بنکە بۆردومانکراوەکان، ڕێگە بدات ئێران دەستی بە بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی لە بانکەکانی دەرەوەدا بگاتەوە.

ئەم کۆبوونەوانە لە سویسرا، دەبنە یەکەم گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا لە دوای لووتکەی ئیسلام ئاباد. ئامانجی سەرەکیی گەڕەکەش داڕشتنی چوارچێوەیەکی کارکردنی دیاریکراوی ٦٠ ڕۆژەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، کە لە سەرووی هەموویانەوە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و دۆخی پاش جەنگەکەیە.

جگە لە بەشداریی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، هه‌ریه‌كه‌ لە وڵاتانی قەتەر و پاکستان وەک نێوەندگیری سەرەکی لەم هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەدا بەشدارن. بڕیاریشە دوای کۆتایی هاتنی ئەم گەڕە لە گفتوگۆ سیاسییە باڵایانە، کۆبوونەوەی شارەزایانی تەکنیکیی هەردوولا بۆ تاوتێکردنی وردەکارییە ئەندازیاری و ئەتۆمییەکان لە پشت دەرگا داخراوەکان بەردەوام بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP