دواین هەواڵ

عێراق‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هیچ پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لە ئارادا نییە

هەرێم نیوز

موزەڕ کرەوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئەم ساتە هیچ پلان و گفتوگۆیەکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە ئارادا نییە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی 6ـی 2026، موزەڕ کرەوی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرباری ئەوەی لە سێ مانگی ڕابردوودا بەهۆی دابەزینی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت، بودجەی گشتی ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، بەڵام حکوومەت بەنیازی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار نییە. 

کرەوی جەختی کردەوە کە هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکان دەبێت و بەتایبەت چینە هەژارەکان و ئەوانەی داهاتیان سنووردارە، زۆرترین زیانیان پێ دەگات.

ناوبراو ڕایگەیاند، حکوومەت چەندین جێگرەوەی تری لەبەردەستدایە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، لە سەرووی هەموویانەوە چالاککردنی داهاتە نانەوتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کە وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ناوی برد.

جێی باسە، لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بڵاو ببووەوە، بەڵام ئەم لێدوانەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP