دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق: بە پیشەسازیکردنی نەوت، بەهای بەرمیلێک نەوت دەگاتە 400 دۆلار

هەرێم نیوز

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پلانێکی ستراتیجیی بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی وڵات داناوە و جەختی کردووەتەوە کە چیتر ناگەڕێنەوە بۆ سیاسەتی "بودجەی ڕەیعی" (Rentier Budget)، کە تەنها پشت بە فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت.


ئەمڕۆ شەممە، 13ـی 6ـی 2026، مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بە مەبەستێکی نەگونجاو دادەنرێت کە عێراق تا ئەمڕۆش بەشێک لە بەرهەمە نەوتییەکان هاوردە دەکات، لە کاتێکدا دەکرێت بەرمیلێک نەوتی خاو بخرێتە ناو پرۆسەی پیشەسازیکردنەوە و بەهایەکەی تا حەوت هێندە بەرز بکرێتەوە." 

ناوبراو پێشبینی کرد، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم پلانە و گۆڕینی نەوتی خاو بۆ بەرهەمی نەوتی، نرخی هەر بەرمیلێک دەتوانێت 400 دۆلار تێپەڕێنێت، ئەمەش داهاتێکی گەورە بۆ بودجەی گشتی دابین دەکات.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران جەختی لەوەش کردەوە، عەلی زەیدی وەک کەسێکی شارەزا لە بواری ئابووری، خاوەنی دیدگایەکی نوێیە بۆ چالاککردنی کەرتی ئابووری و گۆڕینی عەقڵیەتی کارکردن لە دەوڵەتدا، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی بژێوی هاووڵاتییان.

پاشخانی ئابووریی عێراق بەو جۆرەیە کە زۆرینەی داهاتەکەی لە فرۆشتنی نەوتی خاوەوە دێت، ئەمەش وا دەکات ئابوورییەکە بە "ئابووریی ڕەیعی" بناسرێت کە تەنها پشت بە داهاتی دەرەکی دەبەستێت. 

پێشتریش حکوومەتەکان پلانیان هەبووە بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی پاڵاوتن و پیشەسازیی پترۆکیمیایی، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە ئێستادا وەک یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی عەلی زەیدی سەیر دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP