دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە دەفتەری تاقیکردنەوە گشتییەکانی لە فڕۆکەخانەی بەغداد راگەیاند

هەرێم نیوز

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستیان بەسەر بڕێک لە دەفتەری تاقیکردنەوە گشتییەکاندا گرتووە، ڕووداوێک کە نیگەرانییەکی زۆری لە ناوەندە پەروەردەیییەکاندا دروست کردووە و بووەتە هۆی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزارەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی 6ـی 2026، کەریم سەید، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند، عەبدولکەریم عەبتان، وەزیری پەروەردە، فەرمانی دەستبەجێی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ورد و بەپەلە دەرکردووە، بەمەبەستی ئاشکراکردنی سەرجەم لایەنە تەمومژاوییەکانی ئەم گواستنەوە گوماناوییە.

 وەزیری پەروەردە ستایشی هەوڵە مەیدانییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی کرد بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پێشێلکارییە و جەختی کردەوە کە خۆی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی سەلامەتیی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان لە تەواوی پارێزگاکاندا دەکات.

وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی دەداتە خوێندکاران و کەسوکاریان کە تاقیکردنەوە گشتییەکان بەپێی ڕێکارە یاسایی و ئەمنییە توندەکان بەڕێوەدەچن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە عێراق دەست پێ بکات. 

هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی وزاریی خولی یەکەمی بابەتی "پەروەردەی ئایینی" بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 دزەی پێکراوە و بڵاوکراوەتەوە، کە ئەم پێشهاتە مەترسیدارە تەنگژەیەکی بۆ وەزارەت دروست کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP