هەرێم نیوز
ئەنجومەنی نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، چوارەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی 2025 و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی کەرتی قازانجنەویست و کۆمپانیاکان ئەنجامدا و چەند بڕیارێکی لەو بارەیەوە دەرکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی 6ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە چوارەمین کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتیی عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی لە وەزارەتەکان، دامەزراوە سەربەخۆکان و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا ئەنجامداوە.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەنجومەنەکە بۆ ساڵی 2025 خراوەتە ڕوو، بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بەمەبەستی پەسەندکردنی ئەو ڕاسپاردانەی تێیدا هاتووە، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (7/چواردەهەم)ـی یاسای نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە ژمارە (39)ـی ساڵی 2015.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنەکە تاوتوێی ئەو ڕاپۆرتەی کردووە کە لەلایەن فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەوە ئامادە کراوە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی خراپ بەکارهێنانی کەرتی قازانجنەویست، کە بۆ ماوەی 2020 تا 2024 نوێ کراوەتەوە و وەک ڕاپۆرتێکی یەکگرتوو لەسەر ئاستی کۆماری عێراق پەسەند کرا.
لە هەمان کاتدا، ئەنجومەن بڕیاریدا، لیژنەی پەیوەندیدار بە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی هەڵسوکەوتی نادروستی کۆمپانیاکان، داتا و ئامارێک پێشکەش بکات کە حاڵەتە کردارییەکان و ئەو ڕێکارانە لەخۆبگرێت کە بەرامبەر بەو کارانە گیراونەتەبەر.
لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا، پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی ساڵانەی فەرمانگەی دژە سپیکردنەوەی پارە بۆ ساڵی 2025 کرا و دەستکەوتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ئەو فەرمانگەیە لەو ماوەیەدا بەرز نرخێندرا، هەروەها پێداچوونەوە بۆ دوایین پێشهاتەکانی هەڵسەنگاندنی هاوبەشی عێراق کرا.
جێی باسە، ئەم هەنگاوانەی بانکی ناوەندی و ئەنجومەنەکە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سپیکردنەوەی پارە لە سیستەمی دارایی و ئابووریی وڵاتەکەدا.