هەرێم نیوز
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابینکراوە و هیچ مەترسییەک لەسەر ئەم دۆسیەیە نییە، دەشڵێت، عەلی فالح زەیدی لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ واشنتن، چەندین دەسپێشخەریی گرنگ تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی 6ـی 2026، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیا فەرمییەکان، روونیکردەوە کە سەردانی داهاتووی سەرۆکوەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین دۆسیە و دەسپێشخەریی گرنگ لەخۆ دەگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیران کار دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی، عەبوودی جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکات و ناوی سەرجەم ئەو لایەنانە ئاشکرا دەکات کە گەندەڵی دەکەن و دەست بۆ سامانی گشتی دەبەن. لەبارەی شایستە داراییەکانیشەوە،
وتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابینکراوە و هیچ هەنگاوێکیش بۆ چاپکردنی دراو نییە، حکوومەت پابەندە بە پێدانی شایستەی دارایی گرێبەستەکان و فەرمانبەرانی رۆژانە، بەڵام پرسی گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکی بودجە لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییدایە.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، عەبوودی ئاماژەی بەوە دا، کار بۆ تەواوکردنی کابینە وەزارییەکە دەکەن و جەختیشی کردەوە، عێراق رێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر هیچ وڵاتێک، هاوکات رێگەش نادات هیچ وڵاتێک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا بکات.