دواین هەواڵ

عێراق‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانتارێکی عێراق: داوا لە حکوومەت دەکرێت ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە

هەرێم نیوز

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، جووڵەیەکی پەرلەمانی بۆ فشارخستنە سەر حکوومەتی عێراق دەستی پێ کردووە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و واشنتن، بەو پێیەی ئەو ڕێککەوتنە چیتر ئامانجەکانی ناپێکێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، حەسەن مەهدی ئاماژەی بەوە کرد، لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکاری و ئاڵنگارییانەی ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت، جووڵەیەکی پەرلەمانی لە ئارادایە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق هەنگاوی کرداری بگرێتە بەر بۆ پێداچوونەوە بە ڕێککەوتننامەی ئەمنیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

جەختیشی کردەوە، ڕێککەوتنەکە لە ئێستادا لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکەدا ناگونجێت و پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەسەر وەربگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەسەن مەهدی ڕایگەیاند: "عێراق لە ئێستادا خاوەنی توانا و لێهاتوویی پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی خاکەکەی خۆی."

 ناوبراو ئاشکراشی کرد کە ئەنجومەنی نوێنەران لە قۆناغی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە تاوتوێکردنی وردی ئەم مەلەفە، بە شێوازێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و سەروەرییەکەی لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.

ئەم جووڵە پەرلەمانییە لە کاتێکدایە، کە ناکۆکی و ململانێ دیپلۆماسی و سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بارودۆخی ناوخۆی عێراق داناوە و لایەنە سیاسییەکانیش بۆچوونی جیاوازیان لەسەر پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP