هەرێم نیوز
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق ڕایگەیاند، ئاسمانی وڵات بە ڕووی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی هاتن و چوون لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان کراوەتەوە و جووڵەی فڕین بەپێی ڕێکارە کارپێکراوەکان دەستی پێ کردووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پاش هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی وڵاتیان داوە و جەختیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی وردی دۆخی ئاسایشی ئاسمان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی پاراستنی بەرزترین ئاستی سەلامەتی بۆ گەشتیاران و کۆمپانیاکانی فڕین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆمپانیاکانی فڕین و گەشتیاران لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە ئاگادار دەکرێنەوە ئەگەر هەر گۆڕانکارییەکی نوێ لە خشتەی گەشتەکان یان ڕێکارەکاندا ڕوو بدات.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دراوە کە پێشتر بەهۆی هەندێک پێشهاتی ئەمنی، بڕیاری داخرانی تەواوەتیی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر درابوو، کە بڕیار بوو قەدەغەکە لە ئێوارەی ٧ـی حوزەیرانەوە تاوەکو ئێوارەی ١٠ـی حوزەیران بەردەوام بێت، بەڵام دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیل پێش وادەی دیاریکراو بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و جوڵەی ئاسمانیی گەڕاندەوە بۆ دۆخی ئاسایی.