دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

پشکنینێکی ئاسانی خوێن دەبێتە کلیلێک بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختی نەخۆشیی زەهایمەر

هەرێم نیوز

دوو توێژینەوەی نوێی پزیشکی ئاشکرای دەکەن، پێشکەوتنێکی گەورە لە دۆزینەوەی پێشوەختی نەخۆشیی زەهایمەردا بەدی هاتووە، و ئێستا لە ڕێگەی پشکنینێکی ئاسانی خوێن و تەکنیکی پێشکەوتووی تیشکەوە دەکرێت گۆڕانکارییەکانی ناو مێشک چەندین ساڵ پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێن.

ئەمڕۆ شەممە، 30ـی 5ـی 2026، گۆڤاری زانستیی "لانسێت" بڵاویکردەوە، لە یەکەم توێژینەوەدا کە پشکنینی بۆ نموونەی خوێنی 1350 کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە کە تەمەنیان لە دەوروبەری 61 ساڵیدا بووە و نیشانەکانی زەهایمەرێان لێ دەرنەکەوتووە، دەرکەوتووە کە هەندێک نیشاندەری بایۆلۆژیی پێوەست بە پرۆتینەکانی "ئەمیلوید" و "تاو" لە خوێنی کەسانی تەمەن ناوەڕاستدا دەدۆزرێنەوە.

ئەنجامەکان هێمایان بۆ ئەوە کردووە، ئەو بەشداربووانەی ئاستی ئەم پرۆتینانە لە خوێنیاندا بەرز بووە، لە تاقیکردنەوەکانی بیرەوەریدا ئاستێکی لاوازتریان تۆمار کردووە و لە ماوەی پێنج ساڵ چاودێریکردندا توانای ناسینەوەیان خێراتر پاشەکشەی کردووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت نەخۆشییەکە چەندین دەیە پێش دەرکەوتنی نیشانە کلینیکییەکان لە مێشکدا گەشە دەکات.

سەبارەت بە توێژینەوەی دووەمیش کە هەر لە هەمان گۆڤاردا بڵاوکراوەتەوە، زانایان تاقیکردنەوەیان بۆ تەکنەلۆژیایەکی نوێی وێنەگرتنی مێشک کردووە کە ئامانج لێی دۆزینەوەی پێشوەختی گرێچنەکانی پرۆتینی "تاو"ـە؛ لەم پڕۆسەیەدا بەراورد لە نێوان ماددەی تیشکدەری باوی ئێستا (Flortaucipir) و ماددەیەکی نوێی پێشکەوتوو بە ناوی (MK6240) لەسەر 682 کەس لە ئەمریکا و کەنەدا ئەنجام دراوە، دەرەنجامەکان دەریانخستووە کە ماددە نوێیەکە توانیویەتی کۆبوونەوەی پرۆتینەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بە ڕێژەی زیاتر لە دوو هێندەی ماددە باوەکە دەستنیشان بکات، ئەمەش وردیی پشکنینەکان لە قۆناغی سەرەتاییدا بەرز دەکاتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، دکتۆر جاکی هانلی، سەرۆکی بەشی دابینکردنی دارایی توێژینەوەکان لە دامەزراوەی توێژینەوەی زەهایمەر لە بەریتانیا، ڕایگەیاند، ئەم دوو توێژینەوەیە هەنگاوێکی گرنگن بەرەو پەرەپێدانی ئامرازی کاریگەرتری دۆزینەوەی پێشوەختی نەخۆشییەکە، و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە توانای دۆزینەوەی گۆڕانکارییەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەرفەتێکی باشتر بە نەخۆشەکان دەدات بۆ سوودوەرگرتن لە چارەسەرە نوێیەکان و بەشداریکردن لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا پێش ئەوەی بارودۆخی تەندروستییان تێکبچێت.

سەرەڕای ئەم ئەنجامە ئومێدبەخشانەش، توێژەران جەختیان لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر لەسەر ژمارەیەکی گەورەتر و هەمەجۆرتر لە بەشداربووان کردووەتەوە پێش ئەوەی ئەم تەکنیکانە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوەندە پزیشکییەکاندا جێگیر بکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP