هەرێم نیوز
میدیاکانی ئەمریکا زانیاریی نوێ لەبارەی گەیشتنی شاندێکی باڵای ئێران بۆ قەتەر بڵاودەکەنەوە، هاوکات پێشنیازێکی نوێی واشنتن ئاشکرا دەکەن کە تایبەتە بە کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان و کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە لایەن تارانەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی 5ـی 2026، تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە شاری دۆحەی پایتەختی قەتەر، بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، دوایین پێشنیازی ڕێککەوتن لە ئێستادا لە چاوەڕوانیی پەسەندکردنی لایەنی ئێراندایە. بەپێی پێشنیازەکە، پێویستە ئێران دەستبەجێ گەرووی هورمز دووبارە بکاتەوە و لە ماوەی 30 ڕۆژدا دۆخی هاتوچۆی دەریایی بۆ دۆخی پێش هەڵگیرسانی شەڕ بگەڕێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرامبەردا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە سەرجەم بەرەکان لەوانەش لە وڵاتی لوبنان ڕادەگرن.
هاوکات ئەم پێشنیازە دووبارەکردنەوەی پابەندبوونی ئێران بە دەستهەڵگرتن لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر نەهێشتن و لەناوبردنی پاشەکەوتی ماددە پیتێنراوەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.