هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦)، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا، ئاوێکی ساردی بە ئاگر و گەشبینییەکانی میدیا و بەرپرسانی ئەمریکادا کرد و ڕایگەیاند، کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان تاران و واشنتن نزیکە.
ئیسماعیل بەقایی لە بارەی پێشوەچوونی پرۆسەی گفتوگۆکانەوە ڕوونی کردەوە: "ئەو پێشهاتانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسیان لێوە دەکرێت، بەرهەمی چەند هەفتەیەک دانوستانی چڕ بووە لە ڕێگەی نێوەندگیریی دەوڵەتی پاکستانەوە؛ ڕاستە لەسەر بەشێکی زۆری پرسەکان گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی مۆر نەکراوە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی کردە سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و گوتی: "سیاسەت لە ئەمریکا تووشی جۆرێک لە دوودڵی و ڕاڕایی بووە؛ گۆڕینی تێڕوانینە دژبەیەکەکان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا پرۆسەی هەر گفتوگۆیەک قورس دەکات. ئێمە لێرە نین وەڵامی تویت و وێنەکانی ترەمپ بدەینەوە، بەڵکو بە ستایلی تایبەتی خۆمان و بە چاوی کراوەوە دانوستان دەکەین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان و شێوازی دوژمن کۆپی ناکەین."
لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەقایی مەرجەکانی تارانی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند: "سەرنجی سەرەکیی ئێمە لەم دانوستانانەدا تەنها لەسەر کۆتاییهێنانە بە دۆخی شەڕ، و لەم قۆناغەدا بە هیچ شێوەیەک باسی چەکی ئەتۆمی یان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناکەین."
سەبارەت بە دەسەڵاتی ئێران بەسەر دەروازە ئاوییەکاندا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی گوتی: "ئێمە لەم ڕێککەوتنەدا هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێکمان لەسەر گەرووی هورمز نییە؛ چۆنێتیی بەڕێوەچوونی ئەم ناوچەیە تەنها پەیوەستە بە وڵاتانی کەنار دەریاکەوە و کەس بۆی نییە دەستوەردانی تێدا بکات.
وڵاتێک کە توانیویەتی بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕەبەق لە بەرەکانی جەنگدا بە توندی بەرگری لە خۆی بکات و دوژمن لە ئامانجەکانی پەشیمان بکاتەوە، خەمی گەرەنتی مەخۆن، چونکە لە داهاتووشدا دەسەڵاتی خۆی نیشان دەداتەوە."
پەیوەست بە گوشارەکانی ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی وڵاتانی عەرەبی بۆ ناو ڕێککەوتننامەی ئاشتیی ئیبراهیم لەگەڵ ئیسرائیل، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا هەموو جیهان بینییان تاقە خەم و دڵەڕاوکێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنها پاراستنی "ڕژێمی زایۆنیستییە".
لە کۆتاییدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دایە یەکێتیی ئەوروپا لەبەرامبەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا و ڕایگەیاند: "هەر کارێکی دوژمنکارانە بە دڵنیاییەوە کاردانەوەی توندی ئێرانی لێدەکەوێتەوە؛ ئێوە ناتوانن ڕێوشوێنی تاکلایەنە بگرنە بەر و وێنای ئەوە بکەن کە ئێران تەنها تەماشاچی دەبێت. ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا لە مێژە خاوەن هەڵوێستێکی ژیرانە بووایە، ڕەنگە جەنگی ٤٠ ڕۆژەی ڕابردوو ڕووی نەدابووایە."