دواین هەواڵ

جیهان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

مارکۆ ڕوبیۆ بۆ ئێران: یان ڕێککەوتنی باش یان بژاردەی دیکە؛ نەتەنیاهۆش مەرجی توند بۆ ترەمپ دادەنێت

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ دووشەممە (٢٥ی ئایاری ٢٠٢٦)، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، واشنتن یان لەگەڵ ئێران دەگاتە ڕێککەوتنێکی باش یان "بە شێوازێکی دیکە" مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەکات، هاوکات بنیامین نەتەنیاهۆش ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ ترەمپ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێککەوتوون.

دوا دەرفەتی دیپلۆماسی و کاتژمێری سفری ڕێککەوتن
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پایتەختی هیندستانەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕوونی کردەوە، واشنتن هەموو دەرفەتێک دەداتە پرۆسەی دیپلۆماسی بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت پێش ئەوەی بیر لە لێکۆڵینەوەی "بژاردە بەدیلەکانی دیکە" بکاتەوە.

ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەرێکی زۆر بەهێز لەسەر مێزی گفتوگۆکان هەیە لەڕووی توانای لایەنەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەقینە، گرنگ و کاتی لەسەر پرسی ئەتۆمی و گوتی: "هیوادارین بتوانین ئەوە بەدەستبهێنین، پێمانوابوو ڕەنگە دوێنێ شەو هەندێک هەواڵمان هەبێت، ڕەنگە ئەمڕۆش بێت." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە دەکرێت هەر ئەمڕۆ ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە واژۆ بکرێت، بەڵام مافی ئیسرائیلیش پارێزراوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی حزبوڵڵای لوبنان.

پەیوەندیی تەلەفۆنیی نەتەنیاهۆ و ترەمپ و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە شەوی ڕابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ئەنجامداوە سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و دانوستانەکانی داهاتوو لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
نەتەنیاهۆ پێزانینی قووڵی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی لە پای پابەندبوونی بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، بە تایبەت لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی وەک "نەڕەی شێر" و "توڕەیی داستانی"، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل شانبەشانی یەکتر دژی هەڕەشەکانی ئێران جەنگان.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل مەرجی تەلئەڤیڤی بۆ هەر ڕێککەوتنێک ئاشکرا کرد و گوتی: "من و سەرۆک ترەمپ ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ تاران، دەبێت مەترسییە ئەتۆمییەکان بە تەواوی بنبڕ بکات؛ ئەوەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بنکەکانی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران و بردنە دەرەوەی تەواوی ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان دێت لە خاکی ئەو وڵاتە."

پاشخانی جەنگی ٤٠ ڕۆژەی سەر ئێران
هێرشی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ (٢٠٢٦) دەستیپێکرد و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕەبەق بەردەوام بوو. سەرئەنجام دوای زیانێکی زۆر، لە ٨ی نیسانی ڕابردوو ئاگربەست ڕاگەیەندرا و تاوەکو ئێستاش ئارامییەکە بەردەوامە؛ لە ئێستاشدا بە نێوەندگیریی فەرمیی دەوڵەتی پاکستان، واشنتن و تاران لە گفتوگۆی چڕدان بۆ گۆڕینی ئاگربەستی کاتی بۆ ڕێککەوتنێکی کۆتایی و هەمیشەیی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP