دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: وەڵامی ئەرێنیمان لەسەر مووچە لە بەغدا وەرگرتووە

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم کۆبووەوە و ڕایگەیاند، لەسەر پرسی مووچە و شایستەی دارایی جوتیاران، وەڵامی ئەرێنییان لە حکومەتی فیدراڵەوە پێگەیشتووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ـی ٥ـی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارە فەرمییەکانیدا لە بەغدای پایتەخت، لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم کۆبووەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا پێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان بە چڕی تاوتوێ کرد.

دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکە، مەسرور بارزانی لە لێدوانێکدا گەشبینیی خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو پێشان دا و ڕایگەیاند، کە دەتوانن لەمەودوا هەنگاوی نوێتر و بونیاتنەرتر بەرەو پێشەوە بهاوێژن.

هاوکات، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مژدەیەکی گرنگی بە مووچەخۆران و جوتیاران دا و ئاشکرای کرد، کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییە کۆن و نوێیەکانی جوتیاران، وەڵامی تەواو ئەرێنی و دڵنیاکەرەوەیان وەرگرتووە، کە ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەو کێشە داراییانەی پێشتر لە ئارادابوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP