دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ بۆ ئەکسیۆس: چانسی ڕێککەوتن یان لێدانی ئێران پەنجا بە پەنجایە و سبەی بڕیار دەدەم

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕایگەیاند کە چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتن یان دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران پەنجا بە پەنجایە، و ئاشکرای کرد کە ئەمشەو لەگەڵ تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە و ئەگەری زۆرە تاوەکو سبەی یەکشەممە بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسی شەڕ و ئاشتی بدات.

ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ـی ٥ـی ٢٠٢٦، ترەمپ بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە کە دۆخەکە بە تەواوی لە نێوان واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی باش یان لێدانی تونددایە بە جۆرێک کە پێشتر هاوشێوەی نەبووبێت.

بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی تەلەفۆنیی بەپەلە لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە لەوانەش میسر، تورکیا، پاکستان و وڵاتانی کەنداو ئەنجام بدات، هاوکات لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، جارید کۆشنەر و جەی دی ڤانسی جێگریدا، پێداچوونەوە بەو ڕەشنووسە نوێیەدا بکات کە لە ئەنجامی نێوەندگیرییەکەی فێڵد مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لە تاران هاتووەتە ئاراوە، دوای ئەوەی ناوبراو شاری تارانی جێهێشت و ڕایگەیاند کە پێشکەوتنی هاندەر بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە قۆناغی کۆتایی گفتوگۆکاندایە بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ، کە تێیدا پرسی کردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی گەرووی هورمز، هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران جێگیر کراون، و دوابەدوای ئەوەش قۆناغێکی نوێی دانوستان بۆ ماوەی ٣٠ تا ٦٠ ڕۆژ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ورد دەست پێدەکات.

بەڵام ترەمپ جەختی کردووەتەوە تەنیا کاتێک ڕێککەوتن قبوڵ دەکات کە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی کۆگاکانی ئێران یەکلا بکاتەوە، کە ئەمەش بابەتێکی ئاڵۆزە و لایەنە ناوبژیوانەکانی وەک قەتەر، میسر، تورکیا، سعودیە و پاکستان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ نزیککردنەوەی ڕوانگەی هەردوولا. 

لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە بەرپرسان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکرێت و بەشەکەی دیکەش خوازیاری دەستپێکردنەوەی شەڕن، و ڕەتیشی کردەوە کە بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تەنیا نەیاری ڕێککەوتنەکە بێت، بەڵکو وتی نەتانیاهو لە نێوان بژاردەکاندا گیری خواردووە، هەرچەندە بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن نەتانیاهو نیشانەی نیگەرانیی قووڵی هەیە و داوای لێدانی سەربازیی نوێ دەکات.

هاوکات مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا هەیە و ڕەنگە ئەمشەو هەواڵی نوێ بڵاوببێتەوە، بەڵام پێداگریی کرد کە پێویستە ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ببێت و گەرووی هورمزش بەبێ هیچ باج و مەرجێک بە تەواوی بکرێتەوە، کە ئەمانەش ئەو خاڵە جەوهەرییانەن کە تا ئێستاش لە نێوان واشنتن و تاراندا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP