دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

پاکستان گرێکوێرەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی کردەوە

هەرێم نیوز

تۆڕی "سکای نیوز عەرەبی" لە زاری سەرچاوە دپلۆماسییە ئاگادارەکانەوە چەند زانیارییەکی غافلگیرکەر لە نێو دانوستانە نهێنییەکانی تاران و واشنتن ئاشکرا دەکات و ڕادەگەیەنێت، نێوەندگیرییەکەی پاکستان توانیویەتی گرێکوێرەی دۆسیەی ئەتۆمی لە نێوان هەردوولادا بکاتەوە، بەڵام هێشتا سێ مەرجی سەرەکی بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، سەرەڕای پێشکەوتن لە دۆسیەی ئەتۆمیدا، هێشتا سێ پرسی سەرەکی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە چەقبەستوویی ماونەتەوە کە بریتین لە:

١. پرسی وەستاندنی یەکجاریی شەڕ لە لوبنان.
٢. کۆتاییهێنان بە گەمارۆی توندی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران.
٣. کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە ناوچەکە.

تارانی جێبەجێکردنی ئەم سێ مەرجە بە پێویستییەکی حەتمی دەزانێت بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیوانیدا و چوونە ناو خولێکی نوێی دانوستانە فەرمییەکان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا. هاوکات لایەنی ئێرانی وەک مەرجێکی دارایی، داوا دەکات ڕێژەیەکی زیاتر لەو ٪٢٥ـەی کە ئێستا خراوەتەڕوو، لە پارە سڕکراوەکانی لە بانکە جیهانییەکاندا بۆ ئازاد بکرێت.

ناکۆکیی قووڵ لە نێوان سوپای پاسداران و مەسعوود پزیشکیان
لەسەر ئاستی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرچاوەکان ئاماژەیان بە داڕزانی هێڵی سیاسی و سەربازیی وڵاتەکە کردووە.
هێزی دەریایی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران هەڵوێستێکی یەکجار "توندڕەوانە"یان بەرامبەر دانوستانەکان گرتووەتەبەر و بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە هیچ جۆرە سازشێک لەسەر ئەو داواکارییانە بکەن.

ئەم پێداگرییەی سوپای پاسداران بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ و بێپێشینە لە نێوان باڵی سەربازی و حکومەتەکەی مەسعوود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێراندا، کە پێچەوانەی سوپا، مەیلی زیاتری بەلای قبووڵکردنی پێشنیازی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخەکەدا هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP