دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

واشنتن هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ئێران دەکات؛ وەزارەتی بەرگریی ئێرانیش وەڵامی ترەمپ دەداتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ شەممە (٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦)، سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان لە تاران پەردەیان لەسەر ناوەڕۆکی دوایین پەیامی توندی ئیدارەی واشنتن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لادا، کە تێیدا ئەمریکا هەڕەشەی ڕاستەوخۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ دەکات ئەگەر تاران مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە قبووڵ نەکات، هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت ترەمپ ناچارە مل بدات.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە سیاسییەکان، ئەو پەیامە تایبەتانەی ئەمریکا کە گەیەندراونەتە بەرپرسانی باڵای تاران، هۆشداریی یەکلاکەرەوە و "هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕی گەورەیان تێدایە"، واشنتن بە ئێرانی ڕاگەیاندووە کە دەبێت سەرەتا ڕێککەوتنی گشتی قبووڵ بکرێت و دۆخی شەڕ کۆتایی بێت، و ئەو کێشە و جیاوازییانەی کە دەشمێننەوە دواتر لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێن. پەیامەکەی کۆشکی سپی بە ڕوونی هۆشداریی داوە لە دەرئەنجامە کارەساتبار و نەرێنییەکان ئەگەر ئێران سەرجەم بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە ڕەت بکاتەوە.

لە پێشهاتێکی تەکنیکیشدا، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە شاندێکی باڵای تەکنیکی و یاسایی وڵاتی پاکستان بەرەو تاران بەڕێکەوتووە، بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی ژەنراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کە لە دوێنێوە وەک نێوەندگیری سەرەکی لە تارانە.

لە بەرپەرچدانەوەیەکی تونددا، فەریق ڕەزا تەلایی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لە قبووڵکردنی داواکارییەکانی گەلی ئێران و داننان بە مافە سەرەکییەکانیدا.

ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی لە زاری تەلایی بڵاویکردەوە: "دەستەبەرکردنی داواکارییەکانی ئێران، چ لە بەرەکانی شەڕدا بێت یان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، تەنها ڕێگای دەربازبوونە لە شەڕی سێیەمی جیهانی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەسەرماندا سەپێنراوە." گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش دا کە پابەندنەبوونی واشنتن بە داخوازییە ڕەواکانی تاران، دەبێتە هۆی خەسارەت و شکستی یەک لە دوای یەک بۆ ئیدارەی ترەمپ و ئیسرائیل.

لە ڕووی پاشخانی ململانێکانەوە، تاران هێشتا سوورە لەسەر چەند مەرجێکی هێڵی سوور، لەوانەش: نەگواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز بۆ دەرەوەی وڵات، هێشتنەوەی "کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی تەواوی گەرووی هورمز" لەژێر دەستی سوپای پاسداران تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکەش، لەگەڵ لادانی دەستبەجێی سزاکان و ئازادکردنی سەرجەم پارە بلۆککراوەکانی لە دەرەوە.

لەکاتێکدا هەڵوێستی ئەمریکا هێشتا بە تەواوی ڕەتکەرەوەیە بۆ هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی ئێراندا، و بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات هیچ جۆرە سنووردارکردنێک بخرێتە سەر هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا؛ چونکە ئەو گەرووە ڕێڕەوێکی ئابووریی ژیانییە و ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی بارە نەوت و غازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP