هەرێم نیوز
ڕۆژنامە و ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئەمریکا، زانیاریی مەترسیدار لەسەر دۆسیەی دادگاییکردنی سەرکردەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی ئاشکرا دەکەن کە لە تورکیا دەستگیرکراوە و ڕادەستی واشنتن کراوەتەوە، تێیدا هاتووە کە ناوبراو پلانی بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش دژی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان داناوە، کە دیارترینیان تیرۆرکردنی کچەکەی دۆناڵد ترەمپ بووە.
محەمەد باقر سەعدی؛ پلانی تۆڵەسەندنەوەی قاسم سولەیمانی
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بەپێزی ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی ئەمریکی، تۆمەتبارەکە ناوی (محەمەد باقر سەعدی)یە و تەمەنی ٣٢ ساڵە، بەهۆی توندڕەوییەکەیەوە نازناوی "محەمەد باقر سولەیمانی" لە خۆی ناوە. سەعدی هەوڵیداوە زنجیرەیەک کردەوەی چەکداری وەک تۆڵەسەندنەوە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ناوخۆی خاکی ئەمریکا جێبەجێ بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم تۆمەتبارە عێراقییە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە مەشقی پێکراوە، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئاراستەی خێزانی ترەمپ کردووە. لە زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکادا هاتووە کە ناوبراو لە پلانی چاودێریکردنی ماڵی ئیڤانکا ترەمپ (کچی دۆناڵد ترەمپ) بووە لە ویلایەتی فلۆریدا بە مەبەستی بەئامانجگرتنی.
١٨ پلانی هێرشکردن لە ئەمریکا، ئەوروپا و کەنەدا
جگە لە پرسی بنەماڵەی ترەمپ، دەسەڵاتدارانی فیدراڵی ئەمریکا سەعدی تۆمەتبار دەکەن بە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر پەرستگایەکی جووەکان لە شاری نیویۆرک و چەند ئامانجێکی دیکە لە شاری لۆس ئەنجلس. دۆسیە یاساییەکەی دەریخستووە کە پلانەکانی ناوبراو تەنیا لە ئەمریکا نەبووە، بەڵکو کردەوەی گومانلێکراوی لە ئەوروپا و کەنەدا ڕێکخستووە کە کۆی گشتی پلانەکانی گەیشتووەتە ١٨ پلانی جیاواز.
بەپێی ئەو تۆمەتانەی لە دادگای ئەمریکا ئاراستەی کراون، سەعدی ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی هاندەرانە بۆ توندوتیژی و وێنەی هەڕەشەئامێز بەکارهێناوە.
دەستگیرکردن لە تورکیا و ڕادەستکردنەوە بە واشنتن
سەبارەت بە چۆنیەتی دەستگیرکردنی، ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەم سەرکردەیەی کەتائیبی حزبوڵڵا، پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتی تورکیاوە دەستگیرکراوە، دوای هەماهەنگی دپلۆماسی و ئەمنی، تورکیا ناوبراوی ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووەتەوە. ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە سەعدی ئێستا لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا، لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی بروکلین لە شاری نیویۆرک ڕاگیراوە و چاوەڕوانی دادگاییکردنی دەکات.