هەرێم نیوز
موجتەبا خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگەی پەیامێکەوە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد کە ڕێژەی منداڵبوون زیاد بکەن؛ ئەم داوایەش لە لایەن شەقامی ئێرانی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی بووەوە.
ئەمڕۆ هەینی، ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٦، ڕابەری باڵای ئێران لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە: "زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە چاودێریکردنی وردی سیاسەتی زیادکردنی دانیشتووان وادەکات ئێرانییەکان بتوانن هەنگاوی بەرچاو بەرەو بنیاتنانی شارستانیەتێکی مۆدێرن بنێن، ئەمەش پێگەی تاران لە هاوکێشەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکادا بەهێزتر دەکات.
لە بەرامبەردا، ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئەم بانگەوازانەی ڕابەری باڵای بە "ناواقیعی" و دوور لە ڕاستی ناوبرد، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی خراپتربوونی قەیرانەکانی بژێوی، بەرزبوونەوەی بێپێشینەی ڕێژەی هەڵاوسان، بێکاری و گەمارۆ توندە دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە.
ئۆپۆزسیۆن جەختی کردووەتەوە کە هاندانی منداڵبوون بەبێ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و پشتیوانی کۆمەڵایەتی، ڕەنگدانەوەی بێبایەخکردنی ئەو ئاستەنگە ئابوورییە قورسانەیە کە بەرۆکی بنەماڵە ئێرانییەکانی گرتووە.
ئەم ناکۆکییە ناوخۆییانە لە کاتێکدایە کە ترس لە زۆربوونی ڕێژەی دانیشتووان لە ئێراندا هەیە؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا گەشەیەکی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، بە شێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٦دا ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەم ژمارەیە بۆ نزیکەی ٩٢ ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بارگرانییەکی دارایی و خزمەتگوزاریی گەورەی لەسەر شانی حکومەت و هاووڵاتیان دروست کردووە.