دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکوەزیرانی پاکستان دوای لووتکەی ئەمریکا و ڕووسیا دەگاتە چین

هەرێم نیوز

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی لی چیانگ، سەرۆکوەزیرانی چین، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە ٢٣ تا ٢٦ـی ئەم مانگە سەردانێکی فەرمی بۆ پەکین ئەنجام دەدات. ئەم سەردانە گرنگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕاستەوخۆ سێ ڕۆژ دوای سەردانە فەرمییەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکانی ئەمریکا و ڕووسیا بۆ وڵاتی چین دێت.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانەی ئیسلام ئاباد لە کاتێکدان کە پێشتر محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە کۆتایی مانگی ئازاردا و لە گەرمەی هەوڵە چڕەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی پەکینی کردبوو.

لە ئێستاشدا پاکستان هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی بە مەبەستی خێراکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا چڕتر کردووەتەوە، تاران ڕایگەیاندووە کە سەرقاڵی تاوتوێکردنی وەڵامە نوێیەکانی واشنتنە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە چەند ڕۆژێک چاوەڕێی وەڵامە ڕاستەکان لە تارانەوە بکات، بەڵام هاوکات هۆشداریشی داوە کە هێزەکانیان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.

له‌ لایه‌كی دیکەشەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوەی ڕۆژنامەی (سەکۆت چین مۆرنینگ پۆست)، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) پلانێکی داناوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی پێت هێگسێت وەزیری جەنگ ڕەوانەی پەکین بکات، تاوەکو ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ گەشتە چاوەڕوانکراوەکەی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە.

ئەم گەشتە دیپلۆماسییە گرنگییەکی یەکجار گەورەی لەسەر ئاستی جیهانی هەیە، چونکە ئەمە دەبێتە یەکەمین سەردانی فەرمیی وەزیرێکی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتی چین لە ماوەی نزیکەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، و پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بەشێک لە گرژییە سەربازی و ئابوورییەکانی نێوان واشنتن و پەکین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP