هەرێم نیوز
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، دادگای باڵای تاوانەکان سزای لەسێدارەدانی بەسەر یەکێک لە دیارترین تاوانبارانی ڕژێمی پێشوو و ناسراو بە 'جەلادەکەی نوگرە سەلمان'دا سەپاند، کە بەرپرسیارە لە ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژکردنی ١٠٦٨ هاووڵاتیی کورد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی 5ـی 2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای تاوانبارکردنی بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی گیراوانی گرتووخانەی نوگرە سەلمان، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان) دەرکرد. ئەم تاوانبارە یەکێکە لە دیارترین تاوانبارانی ڕژێمی پێشوو و بە یەکێک لە "جەلادەکانی ئەنفال" ناسراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سزادراوەکە سیاسەتێکی دڕندانەی جێبەجێ کردبوو کە بریتی بووە لە ئەشکەنجەدان و برسیکردنی خەڵکی مەدەنی، لەنێویاندا بەساڵاچووان، ژنان و منداڵان تا کاتی گیانلەدەستدانیان و ناشتنیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا. هەروەها هەستاوە بە زەلیلکردنی دەستگیرکراوەکان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کەسوکارەکانیان، کە بە کۆی گشتی ژمارەیان (١٠٦٨) کەس بووە.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی تاوانکاریی سیستماتیک و ڕێکخراودا بووە کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە دژی هاووڵاتییانی کورد لە باکووری عێراق جێبەجێ کراوە، و ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی هەڵمەتی خوێناویی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ـدا لە زیندانی نوگرە سەلمان ڕاگیرابوون.
لە کۆتاییدا ڕوون کراوەتەوە کە بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەپێی حوکمەکانی ماددەکانی (١١، ١٢، ١٥ و ٢٤) لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ژمارە ١٠ـی ساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە.