هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولێکی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ، جەختی لە سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی 5ـی 2026، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزیری کاروباری پێشمەرگە و ژمارەیەک لە فەرماندە و پلەدارانی سەربازی، ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی (٣٠)ـیەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی دوو لە شاری زاخۆ بەڕێوەچوو.
لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، (٣٥٩) ئەفسەری گەنجی هەرێمی کوردستان کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسن، دوای تەواوکردنی ٩ مانگ لە خوێندنی سەربازی، ئەکادیمی و پراکتیکی، بڕوانامەی دەرچوونیان پێبەخشرا و بە فەرمی چوونە ناو ڕیزەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، نێچیرڤان بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان و خێزانەکانیان، تیشکی خستە سەر پێگەی یاسایی و نیشتمانیی پێشمەرگە.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیشی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە کرد.