هەرێم نیوز
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەی ٤٠٪ بەرزبووەتەوە.
ساڵی ڕابردوو ٧٥ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فرۆشراون، کە نیوەیان لە ئیمارات و ٤٥٪یشیان لە سعودیە و قەتەر تۆمار کراون. هاوکات فرۆشتنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە ئاسیای ناوەڕاستیشدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٦٠ هەزار ئۆتۆمبێل.
بازاڕی تورکیا هێشتا پێشەنگی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەباییە لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک پارساڵ ٢٤٠ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەو وڵاتەدا فرۆشراون کە دەکاتە دوو هێندەی ئاماری ساڵی ٢٠٢٤.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئۆتۆمبێلی کارەبایی تەنها ١٪ی کۆی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لە تورکیادا پێکدەهێنا، بەڵام ساڵی ڕابردوو ئەو پشکە بۆ ٢٠٪ بەرزبووەتەوە.
سەرباری قەیرانی سەختی کەمیی بەنزین و ڕیزە درێژەکانی بەردەم بەنزینخانەکان، بەڵام ئێران هیچ پێگەیەکی لە بازاڕەکانی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا نییە. تەنانەت لە ڕاپۆرتە ٢٩٥ لاپەڕەییەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەشدا، هیچ ئاماژەیەک بە ناوی ئێران نەکراوە.
ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵی ڕابردوو لە سەرتاسەری جیهاندا ٢٠ ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراون، کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی کۆی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا.
لەم بوارەشدا، کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە چین پشکی شێریان بەرکەوتووە بە ڕێژەی ٦٠٪، لە بەرامبەریشدا کۆمپانیا ئەورووپییەکان و ئەمریکای باکوور هەر یەکەیان پشکی ١٥٪یان لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی جیهاندا هەیە.
هاوکات، هەناردەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چین بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢.٥ ملیۆن ئۆتۆمبێل. کۆمپانیا چینییەکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز پشکێکی بەرچاویان لە بازاڕدا هەیە و کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری فرۆشتنیان کردووە.
بۆ ئەمساڵیش، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی دەکات ٢٣ ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بخرێنە بازاڕەکانی جیهانەوە، و پێشبینیش دەکرێت پشکی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە کۆی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە سەرتاسەری جیهاندا بەرزببێتەوە بۆ ٢٨٪.