هەرێم نیوز
پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیدارەی واشنتنەوە بڵاویکردەوە، هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە دانوستانە نهێنییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بوونی نییە، دوا پێشنیازی تارانیش بە ڕوونی ئەم بنبەستە دیپلۆماسییەی دەرخستووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جەنگ و بۆردومانە بەرفراوانەکان دەست پێ بکەنەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا بە پێگەکەیان ڕاگەیاندووە، پێچەوانەی لێدوانە گەشبینەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر دووپاتی لە بوونی پێشکەوتن و نزیکبوونەوەی هەردوولا لە ڕێککەوتن دەکردەوە، دوا دەقی پێشنیازەکەی ئێران کە لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە گەیەنراوەتە واشنتن، هیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی بەرچاوی تێدا نییە؛ بەڵکو هاوشێوەی پێشنیازەکانی پێشووە و تەنها هەوڵێکە لەلایەن تارانەوە بۆ بەدەستهێنانی کاتی زیاتر.
ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی کۆبووەوە
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و گرنگی لەگەڵ ئەندامانی باڵای تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئەنجامداوە و تێیدا سەرجەم بژاردە سەربازییەکانی دژی ئێران تاوتوێ کراون. ئەم کۆبوونەوەیەش تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ بە فەرمی بڕیاری دابوو بە شێوەیەکی کاتی دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان لەلایەن پنتاگۆنەوە ڕابگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا هۆشداریی کۆتایی داوە و ڕایگەیاندووە کە چەند ڕۆژێکی کەم لە بەردەم ئێراندا ماوە بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی، و گوتی: "تەنها دوو بۆ سێ ڕۆژی دیکە، واتە تا ڕۆژی هەینی یان شەممە دەوەستین، بە پێچەوانەوە فەرمانی دەستپێکردنەوەی بۆردومانە چڕەکان دەردەکەین."
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ترەمپ چەندین جار مۆڵەتی بۆ ئێران دیاری کردووە و زۆربەی جار هەڕەشەکانی نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان دووپات لەوە دەکەنەوە کە ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە؛ چونکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا پلانێکی سەربازیی زۆر ورد و ڕژد خراوەتە بەردەم سەرۆک، بۆیە گەڕانەوە بۆ بژاردەی جەنگی گشتگیر بووەتە بڕیارێکی نیمچە یەکلاکەرەوە لە واشنتن.