هەرێم نیوز
میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد کە فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تاران بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاران، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش پێگەیشتنی پێشنیازێکی نوێی ئەمریکای پشتڕاست کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی 5ـی 2026، ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا)ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، فێڵد مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگاتە شاری تاران.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئەم سەردانە ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێراندایە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە جموجۆڵەکانی ئیسلام ئاباد لەم پرسەدا بەتەواوی خێرا بوون، بە شێوەیەک دوێنێ چوارشەممە موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە دووەم سەردانیدا بۆ تاران لەماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەنجام دا.
لەلایەکی دیکەشەوە، هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی (نوور نیوز)ـی ئێرانی لە زاری ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، کە وڵاتەکەی پێشنیازێکی نوێی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە پێگەیشتووە و لە ئێستادا تیمی پسپۆڕی وەزارەتەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی وردن بۆ ناوەڕۆکەکەی.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، پاکستان کە مانگی ڕابردوو میوانداریی دانوستانەکانی ئاشتیی کردبوو و وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە ئاڵوگۆڕی پەیامەکانی نێوان هەردوولادا دەبینرێت، بەردەوامە لەم ڕۆڵە و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین خولی پەیوەندیی چڕ لە نێوان تاران و واشنتندا ئەنجام دراون.