دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

نیویۆرک تایمز پلانی نهێنیی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرا دەکات: دەیانویست ئەحمەدی نەژاد بکەنە سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری ئێران

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی مەترسیداردا، وردەکاریی پلانێکی هاوبەش و نهێنیی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەکات، کە ئامانج لێی گۆڕینی ڕژێمی تاران و دانانی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران بووە وەک سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەر لە دوای هێرشەکەی ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم پلانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بەرفراواندا بووە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دەسەڵاتی سیاسیی ئێراندا، دوای ئەوەی لە وەشاندنی گورزە سەرەتاییەکاندا سەرکردایەتیی باڵای وڵاتەکە کرانە ئامانج و عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی و چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی کوژران.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە جەختی لەسەر پێویستیی بوونی کەسایەتییەک لە ناوخۆی ئێران کردووەتەوە کە بتوانێت سەرکردایەتیی قۆناغەکە بکات، بەڵام خاڵی سەرسوڕهێنەر لەوەدا بووە کە واشنتن مەحمود ئەحمەدی نەژادی (سەرۆکی پێشوو لە نێوان ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣) بۆ ئەم پۆستە کاندید کردووە.

پێشهاتی هێرشەکەی سەر ماڵی ئەحمەدی نەژاد چی بوو؟

نیویۆرک تایمز ئاشکرای دەکات، ئەحمەدی نەژاد لە یەکەم ڕۆژی شەڕدا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ماڵەکەی لە تاران بریندار بووە. بەرپرسانی ئەمریکی ڕوونیان کردووەتەوە کە ئامانجی ئەو هێرشە وێرانکردنی ماڵەکەی نەبووە، بەڵکو بۆردومانکردنی بنکەیەکی ئەمنیی سوپای پاسداران بووە لە نزیک ماڵەکەی، کە ئەرکیان چاودێریکردن و دەستبەسەرکردنی نەژاد بووە لە ماڵەکەیدا؛ هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران و ڕزگارکردنی ئەحمەدی نەژاد لە دەستبەسەری، بەڵام ناوبراو دوای برینداربوونی لە چاوەکان ون بووە و ئێستا دۆخی تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوونی بە نادیاری ماوەتەوە.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوەکانی نزیک لە ئەحمەدی نەژادەوە گواستوویەتییەوە کە ناوبراو پێشوەختە ئاگاداری ئەم پلانە هاوبەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە، واشنتنیش پێی وابووە ئەو بەهۆی ئەزموونی پێشوویەوە توانای بەڕێوەبردنی دۆخی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیی ئێرانی هەیە لە قۆناغی گواستنەوەدا.

بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم پلانە لە ئێستادا بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە؛ چونکە مەحمود ئەحمەدی نەژاد دوای ئەوەی بە زەحمەت لەو بۆردومانە توندەی ئیسرائیل بە زیندوویی ڕزگاری بووە، لە پڕۆژەی گۆڕینی ڕژێمەکە بێئومێد بووە و پاشەکشەی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP