هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئیدارەی ئەمریکا دەکات لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر وڵاتەکەی و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن لە ئەگری گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی جەنگ، ڕووبەڕووی پێشهات و سوپرایزی زۆر گەورەتر دەبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند: "چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی شەڕی دژی ئێران، ئێستا کۆنگرێسی ئەمریکا بە فەرمی دانی بە لەناوبردنی دەیان فڕۆکەی جەنگیی وڵاتەکەیاندا ناوە کە بەهاکەیان ملیارەها دۆلارە."
عێراقچی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر توانای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی و نووسیویەتی: "ئێستا بە فەرمی پشتڕاستکراوەتەوە کە هێزە چەکدارە ئازاکانی ئێران، یەکەم هێز بوون لەسەر ئاستی جیهاندا کە توانیویانە فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو و بەناوبانگی جۆری (F-35)ی ئەمریکی بخەنە خوارەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆتایی هۆشدارییەکەیدا بۆ واشنتن ڕایگەیاند: "بەپێی ئەو وانانەی لەم ماوەیەدا فێربووین و ئەو زانیارییە هەواڵگری و سەربازییانەی لە بەرەکانی جەنگ بەدەستمان هێناون، دڵنیابن کە گەڕانەوەی دووبارەی ئەمریکا بۆ گۆڕەپانی شەڕ، ڕووبەڕووی سوپرایزی زۆر گەورەتر و قورستریان دەکاتەوە لەوەی کە لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بینیویانە."
ئەم لێدوانە توندانەی سەرۆکی دیپلۆماسیی تاران لە کاتێکدایە، کە لە لایەکەوە پاکستان سەرقاڵی نێوەندگیرییە بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسهێنانی ئاگربەستە لەرزۆکەکە، و لە لایەکی دیکەشەوە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران دەیان پێگەی مووشەکیی خۆی لەسەر گەرووی هورمز دووبارە کاراکردووەتەوە.