هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەو گورزە سەربازییانەی لە مانگەکانی ڕابردوودا بەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتوون، تاران دەیان پێگەی مووشەکیی خۆی دووبارە کاراکردووەتەوە و سەکۆکانی هەڵدانی بۆ چەندین شوێنی جیاواز گواستووەتەوە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، تاران توانیویەتی توانای کارکردن بۆ ٣٠ پێگەی مووشەکی لە کۆی ٣٣ پێگە لەسەر درێژایی گەرووی هورمز بگەڕێنێتەوە؛ ئەمەش نیگەرانیی قورسی لای پنتاگۆن دروستکردووە سەبارەت بە بەردەوامیی هەڕەشەکان بۆ سەر هێڵی گشتیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و هێزە دەریاییەکان لە ناوچەی کەنداوەکەدا.
هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران هێشتا نزیکەی ٧٠٪ی سەکۆ گۆڕاوەکان و نزیکەی ٧٠٪ی تەواوی کۆگای مووشەکە بالیستی و کرووزەکانی پاراستووە کە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە هەیبووە. هەروەها ٩٠٪ی دامەزراوەکانی کۆگاکردن و هەڵدانی مووشەک لە ژێر زەویدا، کە بە "شارە مووشەکییەکان" ناسراون، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هێشتا بەشێکی زۆریان شیاوی بەکارهێنانن؛ چونکە تاران پێش هێرشەکان بەشێک لە سەکۆکانی بۆ دەرەوەی پێگە جێگیرەکان گواستبووەوە.
ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پێت هیگسێس، وەزیری بەرگری (جەنگ) ڕایانگەیاندبوو کە تواناکانی ئێران بە تەواوی تێکشکێندراون و بۆ چەندین ساڵ لەکارکەوتوون، بەڵام جەنەڕاڵ براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، گومانی لەو لێدوانانە نیشانداوە و ئەو ژمارانەی پێشتر بڵاوکرابوونەوە بە نادروست وەسف دەکات.
ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی واشنتن لە ئەگەری هەرەسهێنانی ئەو ئاگربەستە لەرزۆکەی لە نێوان هەردوولادا هەیە. ترەمپ لەم دواییانەدا ڕایگەیاندبوو کە هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ئێران دواخستووە، بەڵام جەختی کردەوە ئەگەر دانوستانەکان (کە لە ڕێگەی پاکستانەوە دەکرێن) بگەنە بنبەست، هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەشاندنی گورزێکی گشتگیر.