هەرێم نیوز
فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی واشنتن و هاوپەیمانەکانی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدان و دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک.
عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە لێدوانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: "پێویستە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بزانن کە ئێرانی ئیسلامی و هێزە چەکدارەکانی لە جاران ئامادەتر و بەهێزترن؛ وەڵامێکی خێرا، یەکلاکەرەوە، بەهێز و بەرفراوانیان دەبێت بۆ هەر دەستدرێژی و هێرشێکی نوێی دوژمنان بۆ سەر خاکی وڵات و گەلەکەمان، بۆیە پێویستە لە دووبارەکردنەوەی هەڵەی ستراتیژی و هەڵەی لێکدانەوە دووربکەونەوە."
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوژمنانی ئەمریکی و زایۆنیستی چەندین جار گەلی ئێران و هێزە چەکدارە بەتواناکانیان تاقیکردووەتەوە و دەرئەنجامەکەیان بینیوە.
عەلی عەبدوڵڵاهی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان لە گۆڕەپانی کرداردا هێز و توانای ڕاستەقینەی خۆیان بە دوژمنان نیشان دەدەن و وتیشی: "ئەگەر هەڵەیەکی دیکە لەلایەن دوژمنەکانمانەوە ڕووبدات، ئەوا بە هێز و توانایەکی زۆر زیاتر لە جەنگی سەپێنراوی ڕەمەزان ڕووبەڕوویان دەبینەوە، بە هەموو توانایەکمانەوە بەرگری لە مافەکانی گەلی ئێران دەکەین و دەستی هەر دەستدرێژیکارێک دەبڕین."
ئەم لێدوانە توندانەی فەرماندە سەربازییەکانی تاران لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕی پەیامی سیاسی و دیپلۆماسی لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە لە نێوان واشنتن و تاراندا دەستیپێکردووە، بەڵام هاوکات هێزەکانی هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا لە دۆخی ئامادەباشیی تەواودان.