دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئاژانسی فارس: پژاک هێرشی کردە سەر کانێک لە سەقز و زیانی ماددی گەورەی پێگەیاند

 

هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی ڕایگەیاند، کە شەوی ڕابردوو چەکدارانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە سێ ئۆتۆمبێلەوە هێرشیان کردووەتە سەر کانێک لە شاری سەقزی سەر بە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی 5ـی 2026، ئاژانسە ئێرانییەکە بڵاویکردەوە، کە دەوروبەری کاتژمێر ٠1:٠٠ـی شەوی یەکشەممە، هێرش کراوەتە سەر کانی "مێرگە نەخشینە" لە سەقز. 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێرشبەران سەرەتا دەست و پێی هەردوو پاسەوانی کانەکەیان بەستووەتەوە و مۆبایلەکانیانیان کوژاندووەتەوە، پاشان دەستیان کردووە بە ئاگرتێبەردانی کەرەستە و کەلوپەلەکانی ناو کانەکە و دوای نزیکەی 30 خولەک شوێنەکەیان جێهێشتووە.

ئاژانسی فارس ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان، لەم ڕووداوەدا زیانێکی ماددی زۆر بە کەرەستە تەکنیکییەکان گەیشتووە، لەوانەش سووتانی بیلدۆزەرێک، شۆفڵێک، چەندین حەفارە (بێڵ میکانیکی)، ئۆتۆمبێل و ٤ کابینەی پلاستیکی کە کەرەستەی تەکنیکی، پارچەی یەدەگ و موەلیدەی کارەبایان تێدا بووە.

تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هیچ ڕوونکردنەوە یان بەیاننامەیەکی فەرمی لەبارەی ڕاستی و دروستیی ئەم هێرشە و تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، بڵاونەکردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP